هاوڕێی نووسەر و وەرگێڕ، هەروەها یەکەم خوێنەری ڕژدی کتێبە نازدارەکەی 'پریشک' پێش چاپکردن، 'خاتوو شەهلا فەیزووڵڵا' بەم شێوەیە کتێبەکەی ڕاناوە:
______
-۱-
چیرۆکی ڕووبەڕووبوونەوەی زەحمەتییەکان گێڕانەوەی حیکایەتێکە بۆنی ماندووبوون و خۆڕاگری و ئاڵنگاریی لێ دێت کە تەنها لە هێزی دایکایەتیدا بوونی هەیە. خاتوو کریستن بارنێت ڕەهەندێکی قووڵی مرۆڤایەتی لەم گێڕانەوەدا دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی گوزارشت لە ئەزموونی ئەو دایکانە بکات کە ڕووبەڕووی ئەو جیاوازییە دەبنەوە لە منداڵەکانیان بەراورد بە منداڵانی دیکە. کتێبی پریشک تەنها چیرۆکی سەرکەوتنێک نییە بەڵکوو گەواهیدەری توانا و خۆڕاگری دایکێکە بەرانبەر ئەو زەحمەتییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە سەرەڕای ترسی گەورەی شکست و چاوی کۆمەڵگا بەرامبەر منداڵێک کە ئەوان بە جیاواز دەیـبینن. بۆیە لەم چیرۆکەدا دایکێک دەبێتە سونبوولی هیوا و ڕاستکردنەوەی بۆچوونە هەڵەکان بەرانبەر بە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم.
بیرۆکەی سەرەکیی ئەم کتێبە گۆڕینی لاوازییە بۆ هێز، بێهیواییە بۆ هیوا، شکستە بۆ سەرکەوتن و گەیشتنە بە خەونێک کە ڕەنگ بێت لەسەرەتاوە مەحاڵ بووبێت.
لێرەدا دەقێک دەگۆڕێت بۆ گەشتی دایکێک کە ڕێگاگەلێک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی منداڵە تووشبووەکەی بکات ودوای هەوڵ و ماندووبوونێک زۆر دەگاتە ئامانجەکەی و نیشانمان دەدات کە جیاوازیی واتای ناتەواوی نییە.
ئەم کتێبە بە وەگێڕانێکی جوانەوە لەلایەن خاتوونی وەرگێڕی بەتوانا و خەمۆری زمانی شیرینی کوردی خاتوو (داستان شەریف) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، پڕ بەدڵ پیرۆزباییی لێ دەکەم وهیوادارم بەردەوابێت لە کاڕە جوان و هەڵبژاردە گرنگەکانی.
لەکۆتاییدا دەڵێم ئەم کتێبە کتێبێکی پەروەردەییە و زۆر گرنگە بخرێتە پرۆگرامی پەروەردەوە بۆ ئەوەی هەم ڕێگایەک بێت هەم هیوایەک بۆ خێزان و منداڵی تووشبووی ئۆتیزم.
شەهلا فەیزوڵڵا
تۆش ئەتوانی ( لینكی كتێب )