"یادەوەریی جەستە"ـی "ئەحلام موستەغانمی"، یەکێکە لە جوانترین کارەکانی دەزگای فام. وەک هەمیشە زمانشەکر "م. سەباح ئیسماعیل" لە دووتوێی ٥٩٢ لاپەڕە، بە کوردییەکی ڕەوان و بێگرێ و ناسک و نازدار، کردوویەتی بە کوردی.
زمانی شێعری بەسەر گێڕانەوەی کتێبەکەدا زاڵە. ئەوەی ناوی موستەغانمی پتر بڵاو کردەوە و خوێنەرانی ڕۆمانی عاشقانە و قووڵی ڕازیی کرد، ئەم کتێبەی بووە. لەخۆڕا نییە "نزار قەببانی"ـی گەورەشاعیر، پێی سەرسامە و تاریفی دەکات و بە شانوباڵی هەڵدەڵێت.
ڕووداوەکان، لە دوو سەردەمی جیا ڕوو دەدەن. ئاوڕ لە پرسی شۆڕشی گەورەی جەزائیر دژی داگیرکاریی فەڕەنسا دراوەتەوە. کەسی دیار و یەکەمی ڕۆمانەکە، ناوی "خالید"ـە. خالید شەڕڤانێکی جەزائیرییە. دۆستی نزیکی سەرکردەیەکە کە زۆر ناوی دێت، ئەویش "سی تاهیر"ـە. خالید، بەشداری ئەو شۆڕشەی کردووە کە دژی داگیرکاریی فەڕەنسا کراوە. سی تاهیر متمانەی بە خالید بووە و پشتی پێ بەستووە، لێ کە خالید بریندار دەبێ و برینەکەی ناچاری ئەوەی دەکات دەستی ببڕنەوە، ئیدی خالید ماڵئاوایی لە مەیدانی سەربازیی دەکا و ئەرکی مەدەنی بەجێدەگەیەنێت. بەشێکی ئەرکەکەشی ئەوە دەبێت، ئاگاداری ماڵ و منداڵی سی تاهیر بێت.
دوای شەهیدبوونی سی تاهیر و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن گەندەڵکاران، ئیدی خالید ناحاوێتەوە و ئەوەی پێ هەزم ناکرێت کە ڕوو دەدات، بۆیە بەجێیان دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە فەڕەنسا؛ لەوێ دەبێتە نیگارکێشێکی مەعلان. ڕۆژێک لە یەکێ لە پێشانگەکاندا، ئاشنای کیژۆڵەیەکی فرە قەشەنگ دەبێ. لە یەکەم دیتنەوە، ترپەی دڵی خالید بەرەو کیژە دەبزوێ کە "حەیات"ی ناوە. حەیات ئەو زارۆکە بووە کە لە گەنجیدا و دوای نەمانی سی تاهیر، پەروەردەی کردووە! لێ ئێستا کچێکی شەنگ و دڵاوایە. کەنیشکەش هەستی بەرانبەر خالید هەس، لێ ڕاستییەکەی پێ ناڵێت و پەنهانی دەکات. خالید دوای ئەوەی شەیدای حەیات دەبێت، لێ نکاریت گوزارشت لەوە بکا کە هەستی پێدەکا بەرانبەری و تکاکارە کە ئەویش هەمان هەستەکانی بەرانبەر دەربخات. لەولاترەوە خالید وا تێدەفکرێت کە لەمپەری دروستنەبوونی ئەو پەیوەندییە، تەمەنیانە؛ چونکی حەیات ٢٥ ساڵان چوکەڵەتر بوو لە خالید. ئەوەی ناخۆش و پڕە لە چەرمەسەری، لە دوماهییدا مامی حەیاتی شەنگ کە بەرپرسێکی دەستپاک نییە لە حکوومەتی جەزائیر، بڕیار دەدات و حەیات ناچاری ئەوە دەکات هاوسەرگیریی دەگەڵ پیاوێکی گەندەڵ بکات. کاتێک خالید ئاگادار دەبێتەوە و سەرەڕای ئەو هەموو خەفەت و گیانکەنەفتی و شەکەت و داڕمانە، لێ بە حورمەتی ئەوینەکەی، دەگەڕێتەوە و ئامادەی هاوسەرگیری و هەلهەلەلێدانی حەیاتی دڵبەری دەبێ. پاشتر کەڕەتێکی تر بەهۆی مردنی براکەی دەگەڕێتەوە و دواتر بەیەکجارىی ئەوێ بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە فەڕەنسا.
ئەوەی گوتم پوختەیەکی ئەم ڕۆمانە قەبەیەیە. پێشنیاز بە هەموو خوێنەرانی ئازیز دەکەم، بەو وەرگێڕانە شیرین و کوردییە خۆماڵییەی م. سەباح، ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە و ئاشنای ئەم ڕۆمانە بن کە پڕە لە ڕاز و کۆڤان و عیشق و خۆشەویستی و ئەوینێکی بێکۆتا.
تۆش ئەتوانی ( لینكی كتێب )