نوسەر
سەڵاحەدین دەمیرتاش
سەڵاحەدین دەمیرتاش: ١٩ی ئاداری ١٩٧٣ لە قەزای پاڵووی سەر بە ئەلەزیز لەدایک بووە، لە حەوت منداڵی دایک و باوکێکی ڕەنجبەر، دووەم منداڵە. تەمەنی دوو ساڵان بووە کە خێزانەکەیان بار دەکەنە قەزای سووری دیاربەکر و لەوێ گەورە دەبێت. هاوسەرگیریی لەگەڵ باشاک دەمیرتاشدا کردووە و دوو کچیان هەیە.
دەرچووی فاکەڵتی یاسایە لە زانکۆی ئەنکەرە. دواتر بووەتە سەرۆکی لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ. ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە پەرلەمانتار. ساڵی ٢٠١٠ بووەتە هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی. ساڵی ٢٠١٤ بووەتە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP. ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لەگەڵ دە پەرلەمانتاری دیکەی HDPدا، دەستگیر کرا.
لەو ماوەیەی لە زیندانە، بە شێوەیەکی بێهاوتا لە دنیادا بووە بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا و لە هەڵبژاردندا سێیەم بوو.
لە زیندان سێ کۆمەڵەچیرۆکی بە ناونیشانەکانی سەحەر (٢٠١٧)، دەوران (٢٠١٩) و داد (٢٠٢٣) و دوو ڕۆمانی بە ناونیشانەکانی لەیلان (٢٠٢٠) و ئەفسوون (٢٠٢١) و ڕۆمانێکیشی بە هاوبەشی لەگەڵ ییت بەنەر بە ناونیشانی "دوێت لە بەرزەخدا" نووسیوە و بڵاو کردوونەتەوە. ساڵی ٢٠١٨ ئەندامیەتیی شەرەفمەندانەی کۆمەڵەی نووسەرانی نێودەوڵەتیی PENی پێ درا.
لەپاڵ کتێبەکانیدا، چەند شیعرێکی بۆ گۆرانی نووسیون و لە لایەن چەند هونەرمەندێکەوە گوتراونەتەوە. وێڕای ئەوەی نیگار و سکێچ و کاریکاتێریشی کێشاونەتەوە.
لە ١٦ی مایسی ٢٠٢٤دا، وێڕای مافی تانەلێدان، سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٤٢ ساڵ و ٦ مانگی بۆ بڕایەوە. ئێستاش لە زیندانی تیپی فێی ڕێوشوێنتوندی ئەدیرنە، زیندانی کراوە.